ده‌رباره‌   په‌یوه‌ندی
کێشەکانی ناو یەکێتی و ئەسڵی مەسەلەکە !

2021/07/11 - 08:30 | 1227 جار بینراوە    
 
دڵشاد ئەنوەر
 
ناکۆکی نێو یەکێتی پەیوەندی بە هەوڵەکانی هەردوو جەمسەرەکەوە بۆ باڵادەست بوون هەیە، بە تایبەت دوای ئەوەی لە کۆنگرەی پێشووتردا، تا ڕادەیەکی زۆر سەرکردە کۆنەکان بێ ڕۆڵکران، ئەمجارە ململانێکە بۆ نێوان خودی هاوسەرۆکان گواسترانەوە.
ئەو کێشەی چەند شەوێک لەمەوبەر ڕوویدا و بۆ گۆڕانکاری لە دەزگا ئەمنیەکاندا، هێز بەکارهێنرا، تازە نەبوو، مەبەستم ئەوەیە پێش ئەو شەوەش شتی تر ڕوویدابوو، بەتایبەت مانگێ لەمەوبەر ، بەهەمانشێوە خەریکبوو بگاتە ڕادەی تێکچوون، بەڵام میدیا پێی نەزانی و دۆخەکە هێور کرایەوە.
 
سەرچاوەی ناکۆکیەکە!
 
گومانی تێدا نیە، ئەسڵی کێشەکە لەسەر هەیمەنە و دەسەڵاتە، لەسەر ئەوەیە کێ میراتگرەوەی تاڵەبانیە، کوڕ یان برازا، بەڵام کۆمەڵێک کێشەی تری گرێدراو هەیە و تەقینەوەی ناکۆکیەکانی پێشخست.
یەکێتی لە دوای کۆنگرەوە، سەنتەر و یەک خیتابی لەدەستدابوو، بەتایبەت ئاراستەیەک بە لای ڕێککەوتن لەگەڵ پارتی و خیتابی نەرمبوو، ئاراستەیەکیش، بەلای توندی و دژایەتیکردن دا بوو، لە کاتێکدا حیزبی خاوەن بڕیارو سەنتەر، دەبێت یەک ئاراستە بێ، توند یان نەرم، بەڵام ئەمە ناو یەکێتیدا بەدی نەدەکرا.
ڕوونە نێوان لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتی و پارتی دەمێکە زۆر خراپە، ئەم خراپیە کاریگەری بوو لەسەر ئیش و کارەکانی حکومەت و زۆر بواری تریش،  لە زۆر ڕووەوە ئیحراجی بۆ قوباد تاڵەبانی جێگری حکومەتیش دروستبوو بوو.
نەک هەر ئیحراجیش، دەشکرایە ئامانج، بەتایبەت ئەو لێدوانەی کە ڕۆیشتنی وەفدەکەی هەرێم بۆ بەغدا بەلاواز ناوبرا.
 
ئەم ناکۆکیانەی نێو یەکێتی یاخود خیتاب و مامەڵە جیاییە، دەرفەتی بۆ زۆر کەس و گروپی تریش ڕەخساندبوو، لە ژێر سێبەری ئەم یان ئەودا، سەرانە سەندن، قاچاخچێتی و زۆر کاری خراپ ئەنجام بدەن، کەسیش نەیدەتوانی کەس موحاسەبە بکات، واتە سود وەرگرتنی شەخسی هەبوو لەم ناکۆکیانە.
حکومەت و خودی قوباد تاڵەبانیش دەستەوەستان بوون بەرامبەر زۆرێک لە کێشەکان، نەیدەتوانی ئیجرائاتیش بکات، بۆیە دواجار پلانی جوڵە و گۆڕانکاری دانرا.
 
گەر دیقەت بدەن، کێشەی ئەو شەوەی قەڵاچوالان دوای ئەوە دروستبوو، بێ پیشینە نەبوو، بەڵکو جوڵەکە دوای ئەوە دروستبوو، کە حکومەت ڕایگەیاند: قوباد تاڵەبانی دەکرێتە سەرۆکی لیژنەی کۆکردنەوەی داهات. بەدوای ئەم بڕیارەدا جوڵەکان دەستیپێکرد. گەر وردیش بینەوە، بیانووی گۆڕانکاریەکان، زۆر مانەوەو گەندەڵیە.
دەکرێت بپرسین جوڵەکان بۆ ؟
حکومەت فەترەیەکە موچەی دەزگا ئەمنیەکانی یەکێتی بڕیووە، لەبەرامبەر ئەمەشدا، دواتر شەڕی ئیعلامی دروستبوو، گوایە داهاتی سلێمانی نەنێردراوە بۆ خەزێنەی حکومەت، ئەمەش وا لێکدرایەوە، داهات بەرامبەر موچەی ئەو دەزگایانە ڕاگیراوە.
سەرۆکی دەزگای ئەمنی یەکێتی ئەندامە لە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمدا، حکومەت و بەدیاریکراوی پارتی بەسەرۆکەکانی ڕازی نەبوون، بە چەندین بیانووی جیا، لەوانە بردنی داهات و قاچاخی و پاپەند نەبوون بە بڕیاری حکومەت و نزیکایەتی لە لاهور تاڵەبانی، لێرەوە مشت و مڕ و فکرەی گۆڕانکاری لە نێو دەزگا زەق بوویەوە.
 
یانی لێرەوەیە دەکرێت بڵێین: گۆڕانکاریەکان خواستی حکومەت بووە، قوباد تاڵەبانی ئەندازیار و باڤڵ تاڵەبانی جێبەجێکار، بە تایبەت دەمێکە قوباد تاڵەبانی لە زۆر شت ناڕازی بووە، بەڵاملە ژێرەوە کنەی کردووە.
گەر دیقەتیش بدەن، پێش جوڵەکان ی چەند شەوی ڕابردوو، جوڵەی تریش هەبوو، جوڵەی ئاسایش بوو، کە ئەوجوڵانەش بێ پەیام نەبوون.
جوڵەکانی ئاسایش لە گرتنی سەدان کیلۆ مادەی هۆشبەر و بۆ یەکەمجار ڕاگەیاندنی، ئەمانە هەمووی بائاگاداری قوباد تاڵەبانی و بۆ شەرعیەتدان بوو بە گۆڕانکاریەکان بوو، واتە ئەوانە جوڵەی پێشوەخت و پەیامدار بوون.
 
دەستپێکی گۆڕانکاریەکان !
 
کاتێک دەست بۆ گۆڕانکاری نێو دەزگا ئەمنیەکان براوە، بە بیانووی ئەوەی ئەمان زۆر ماونەتەوە لەپۆستەکانتان و هۆکاری زۆر کێشەن، ڕاستەوخۆ مشت و مڕ دروستبووە، چونکە لاهور تاڵەبانی ڕازی نەبووە.
ڕازی نەبوونی هاوسەرۆکی یەکێتی بۆ چەند مەبەستێکە، یەکەم: پرسی پێنەکرابوو. دووەم: گۆڕانکاریەکان کەسە نزیکەکانی ئەوی گرتەوە.
کاتێک ئەو شەوە باڤڵ تاڵەبانی تەلەفۆن دەکات بۆ جێبەجێکردنی گۆڕانکاریەکان، بەرپرسە ئەمنیەکان کە گۆڕانکاری گرتنیەوە، ملیان نەدابوو، دواتر باڤڵ تاڵەبانی هێزی بردبوو.
بردنی هێز لای لاهور تاڵەبانی بە بە کودەتا و لای باڤڵ تاڵەبانی بە گۆڕانکاری ناوبرا، خاڵێکی تریش کەلە میدیا ئاماژەی پێنەکراوە، جوڵەی هەمان شەوی قوباد تاڵەبانیە، هاوشانی باڤڵ.
ئەو شەوە قوباد تاڵەبانی چووەتە سەر شوێنێک بزەبت نازانم شوێنەکە کوێ بووە و سەر بەچ کەسێک بووە، بەڵام شوێنەکە تێکدراوە، گوایە شوێنەکە هی سەرانە وەرگرتن بووە.
 
لێرەوە پرسیار دێتە پێشەوە، بۆ جوڵەکەی باڤڵ سەریگرت؟
 
باڤڵ پێش جوڵەکانی پشتیوانی ناو خودی ئەو دەزگا ئەمنیانەی بەدەست هێنابوو، وا دیارە پێشتر ئیشی لەسەر کردبوون، جیا لەوەش قوتبەکانی ناو یەکێتی هاوڕای بوون، لەوانە شێخ جەعفەر کەجێگری سەرۆکی هەرێمە و دوو لیوای هەیە، ماڵی کۆسرەت ڕەسوڵ سەرۆکی بەرژەوەندی یەکێتی کە خاوەن هێزن، لەگەڵ جێگری حکومەت کە باڵادەستە بەسەر زۆر دەزگای ئاسایش دا.
پاشان پارتیش هاوڕابوون لەگەڵ جوڵەکاندا و پشتیوان بوون، سەرکردە کۆنەکانیش پشتیوانی لاهور شێخ جەنگی نەبوون ، وەکو تۆڵە کردنەوەیەک، گوایە ئەو لە هەڵبژاردندا خستوونی، ئەمانە هەمووی زیان بوون لە لاهور تاڵەبانی. جیا لەوەش تێکچوونی سلێمانی بەلای ئێرانیەکانەوە قەبوڵ نەکراوەو هەمیشەش پشتیوانی ماڵ تاڵەبانی دەکەن.
 
گۆڕانکاریەکان بەردەوامدەبن !
 
گۆڕانکاریەکان تەنها بە گۆڕینی ئەو چەند بەرپرسە ئەمنیەوە ناوەستن، بەڵکو زۆر شوێن و دەزگای ئەمنی و پۆلیسی دەگرنەوە.
هەر لە ڕۆژانی داهاتووەوە، گۆڕانکاری ناو ئەو دوو دەزگا ئەمنیە تەواو دەگرێتەوە، تا دەگاتە لق و پۆپەکانیان، دواتر زۆر سلکی تریش دەگرێتەوە، ئەمەش بەپێی زانیاریە دزپێکراوەکان.
 
پارتی و پێشهاتە نوێ یەکان!
 
پارتی ڕایگەیاندووە، تەداخول لە کێشە ناوخۆییەکانی سلێمانی ناکات، بەڵام ڕاستیەکەی ئەوەیە، ئەوەی ڕوویدا پێیانخۆشە، چونکە ئەوان نایانەوێ کەس دژایەتیان بکات.
نەوشیروان مستەفا نەیاریان بوو، شەو و ڕۆژ لێ یان دەدا لە ئیعلامەوە، دواتر جوڵەکانی یوسف محەمەدیان لەپەرلەمان بەدڵ نەبوو، کەوتنە گیانی، بۆ لاهور تاڵەبانیش بەهەمانشیوە.
 
ئێستا لە نێو پارتی دا، قسە لەسەر گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنامەی ستراتیژی دەکرێت، تەنانەت نازانم ڕاستە یان نە، بیرۆکەش هەیە بۆ گەڕانەوەی بارزانی بۆ سەرۆکی هەرێم و وەرگرتنی سەرۆک کۆمار،  گەر ئێران و هێزە شیعەکان ڕازی بن، لەبەرامبەر پێدانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمدا بە یەکێتی، بۆ ئەم سیناریۆیانە هێشتا زووشن، چونکە مەسرور وادەکەی زۆری ماوە.
 
گۆڕانکاریەکانی داهاتوو!
 
ڕاستە لەسەرەتای یاریەکەدا، باڤڵ تاڵەبانی سەرکەوتوو بوو، بەڵام هێشتا دەرفەتی یاری و موناوەرە زۆر ماوە بۆ لاهور تاڵەبانی، بەو پێیەی ڕێکخستنی حیزبەکەی زۆر لەگەڵدایە، سەرکردایەتیش بەهەمانشێوە.
هەرچەندە لەناو سەرکردایەتیدا، زوو بادانەوە هەیەو زۆر گرەویان لەسەر ناکرێت، بەڵام لاهور تاڵەبانی پیاوێکی جەماوەری و خۆشەویستی نێو رێکخستنەکانە.
وەلحاڵ، گەر کێشەکە بە گفتووگۆ و دانوستان حەل نەکرێ، ڕەنگە قۆناغی داهاتوو یەکتری تۆەمەتباردکردنی رەسمی و تەنانەت پشێویشی بەدوادابێ.



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 1,748,538     ژمارەی میوان 403